سوەیدا؛ پرسێک کە ڕژیمی پێ هەڵسەنگێندرا
پارێزگای سوەیدا، بە زۆرینەی درۆزی و پێشینەیەک لە بێ لایەنی لە شەڕی نێوخۆیی سووریا، لە ساڵانی دواییدا بووبووە شوێنی هەڵاتن لە حکومەت. بەڵام لە ئاپی 2023 ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە دژی حکومەت دەستی پێکرد و تا دیسەمبەری هەمان ساڵ، درۆزییەکان لە بەرەی دژبەران جێی خۆیان کردەوە.
لە12ی ژووییەی 2025، ڕفاندنی شۆفێرێکی درۆزی لەلایەن چەکدارانی نزیک لە سودانییەوە، شەپۆلێک ڕفاندن و پێکدادانی ڕێکخست. بەڵام خاڵی گرینگ کاردانەوەی حکومەتی نوێی سووریا بە ئەو پێکدادانە بوو: گواستنەوەی هێزی ئەمنی بۆ ناوچەکە و هەوڵ بۆ ئەستاندنەوەی خۆبەڕێوەبەری درۆزییەکان بە بیانووی نائارامی لە ئەو ناوچە.
بە چوونی هێزەکانی ئیسرائیل لە 16 ی ژووییە و گوشارەکانی ئەمریکا، دیمەشق ناچار بە کشانەوە بوو. بەڵام پەیامێکی ئاشکرای نارد: حکومەتی نوێ، نە حەزی لە فرە دەنگیە و نە پابەندی مافی کەمینەکانە.
ئایا کوردەکان ئامانجی دوایی دیمەشقن؟
هێزەکانی هەسەدە بە هەستیارییەکی زۆرەوە گۆڕانکارییەکانی سوەیدایان شوێنگیریکرد. شکستی دانوستانەکانی تەڤل بوونی هەسەدە بە ئەرتەشی نوێی سووریا، هاوکات لەگەڵ چڕ بوونەوەی پێکدادانەکان لە سوەیدا زەنگی مەترسی لە کوردستانی سووریا لێدا. بەرپرسانی کورد هۆشداریی دەدەن کە هەمان ستراتیژی " هاندانی کێشە ئێتنیکییەکان" لەوانەیە بەزوویی ناوچە کوردنشینەکانیش بگرێتەوە.
هەندێک لە خێڵە عەرەبەکانی بەشدار لە پێکدادانەکانی سوەیدا، لە ناوچەکانی ژیر دەسەڵاتی هەسەدە لە دێرەزوور و ڕەققەوە هاتبوون، ناوچەگەلێک کە لە ڕابردووشدا شۆڕشی ناسەرکەوتوویان لە دژی کوردەکان بە ڕێبەری شێخ ئیبراهیم ئەلحەفل ئەنجام دابوو. ئێستا بە ڕووخانی بەشار ئەسەد، بەستێن بۆ هاندانی دووبارەی خێڵە عەرەبەکان لە دژی کورد خۆشتر لە هەمیشەیە.
یەکگرتوویی کەمینەکان هەمبەر حکومەتی ناوەندی؟
لە حاڵێکدا کە دیمەشق داکۆکی دەکات کە سەرجەم هێزە چەکدارەکان ئەبێ لە چوارچێوەی یەک ئەرتەش تێکەڵ ببن، کوردەکان و درۆزییەکان ئەزمووونی جیاواز لە خۆبەڕێوەبەری لە درێژەی شەڕیان هەبووە. پێوەندی ئەم دواییەی ڕێبەرانی کورد و درۆزییەکان، نیشانەیەک لە پێکهێهانی ببەرەیەکی نوێی کەمینە هەمبەر حکومەتی ناوەندییە.
نیگەرانیەکان لە نیشاندانی گڵؤپی سەوزی واشنتۆن بە دیمەشق
لێدوانەکانی توماس جی باراک باڵوێزی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، سەبارەت بە پاڵپشتی لە یەک حکەمت، یەک ئەرتەش، لە ڕوانگەی کوردەکانەوە بە واتای نیشان دانی گڵۆپی سەوز بە دیمەشق بۆ بەرەوڕوو بوونەوەی کەمینەکانە. حەو پرسە بووەتە هۆی ئەوەی کە باراک لە 20 ی ژووییە لەگەڵ مەزڵۆم کۆبانی، فەرماندەی هەسەدە دیدار بکات و ئەو نیگەرانیانە کەم بکاتەوە.
دەرەنجام
پێکدادانەکانی سوەیدا نە تەنیا قەیرانێکی خۆجەیی، بەڵکوو نمانەیەک لە ڕێگای داهاتووی سووریا دوای ئەسەدە: سیستەمی ناوەندی ئایدۆلۆژیک، لەناوبردنی کەمینەکان و سەرەنج نەدان بە ڕێکاری دیمۆکراتیک.
لە ئاوەها دۆخێکدا ئایا کوردەکان دەتوانن بە بێ دەستەبەرکاری، بچنە ڕیزی ئەرتەشەوە؟ ئایا چارەنووسی سوەیدا، بەرۆکی قامیشلۆ، حەسەکە و دێرەزووریش دەگرێتەوە؟
وەڵامی ئەو پرسیارانە نەک لە مەیدانی شەڕ، بەڵکوو لە سەر کورسی دانوستان شاراوەیە کە هەر ڕۆژ بچووکتر دەبێتەوە.
Your Comment